نەریتی نوێی خوێندنەوە!

Profile Picture
مەریوان مەسعود وتار 2024-07-02
Image

بۆ یەكەمجارە لە كوردستان كۆمپانیایەكی ئەهلی دەستیكردووە بە تۆماركردنی 100 كتێبی نووسەرە جیاجیاكانی كورد بە شێوەی دەنگی و بە كوالێتییەكی بەرز



لەم رۆژانە، لە یەكێك لە تەلەفزیۆنە عەرەبییەكان، راپۆرتێكم بینی لەسەر نەریتی گوێگرتن لە (كتێبی دەنگی)، كە ئێستا لە وڵاتانی ئەوروپا بۆتە باو، بۆ نموونە لە ناو میترۆكان و شوێنە گشتییەكان.


زۆربەی خەڵكەكە لە جیاتی ئەوەی وەكو جاران كتێبێكی گیرفان یان رۆژنامەیەكی تابلۆیدی بە دەستەوە بێت، هێدفۆنێكی لە گوێیە و گوێی گرتووە لە خوێندنەوەی كتێب، واتە لە جیاتی ئەوەی خۆی بە چاو بیخوێنێتەوە، بە دەنگ بۆی دەخوێننەوە و ئەویش گوێی لێدەگرێت و چێژی لێدەبینێت.


بۆ یەكەمجارە لە كوردستان كۆمپانیایەكی ئەهلی دەستیكردووە بە تۆماركردنی 100 كتێبی نووسەرە جیاجیاكانی كورد بە شێوەی دەنگی و بە كوالێتییەكی بەرز.


ئەوەی بووە هەوێنی ئەم ستوونە، بوونی پڕۆژەی خوێندنەوەی كتێبی دەنگییە لە كوردستان، كە بە راستی جێگای دڵخۆشی و دەستخۆشییە كە كۆمپانیایەكی ئەهلی بەناوی (ئاگۆرا ڤیژن)، دەستی كردووە بە تۆماركردنی زیاتر لە 100 كتێبی نووسەرە جیاجیاكانی كورد بە شێوەی دەنگی و بە كوالێتییەكی بەرز.


لەوانەش دڵخۆشكەرتر ئەم كتێبانە لە وێبسایتێكی پڕۆفیشناڵ دانراوە و هەموو كتێبێكیش نرخێكی رەمزی لەسەرە، واتە خوێنەر دەبێت لە رێگەی كارتی ئەلیكترۆنییەوە پارە بدات و ئەویش كتێبەكەی بۆ دەستەبەر دەكات، كە نرخی زۆربەیان لە نێوان 3 بۆ 5 دۆلار دایە، ئەمەش بە بەراورد بە كڕینی كتێبێك زۆر كەمە، جگە لەمەش خوێندنەوەی كتێبەكان تەكنیكی باشی تێدا بەكارهاتووە و وا لە (خوێنەری گوێگر) دەكات بە تامەزرۆییەوە گوێ‌ لە كتێبەكە بگرێت.


ئەم نەریت و كارە گرنگەی هاوڕێیانی ئاگۆرا ڤیژن، مایەی ئەوەیە كە دامودەزگا رەسمییەكان بە تایبەت پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی رۆشنبیری و تەنانەت رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش پشتگیرییەكی باشی ماددی و مەعنەوی پڕۆژەكە بكەن، چونكە ئەوەندەی من زانیارییم هەبێت، ئامانجی پڕۆژەكە زیاتر بۆ هاندانی نەریتی خوێندنەوە و هۆشیاری كۆمەڵگایە و بەشێكی كەمی دەستكەوتی ماددییە.


بۆیە بەهیوام ئەم پڕۆژە گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بكرێت و ئێمەی نووسەران و رۆژنامەنووسانیش پاڵپشتی پڕۆژەكە بین، بەو مەرجەی ئاگۆرا-ش كتێبی باش و بەپێز هەڵبژێرێت كە كاریگەری ئیجابی لەسەر خوێنەر جێبهێڵێت نەك تەنیا بۆ فرۆش كارەكان بكات، هەرچەندە لەو 100 كتێبەكەی كە بڵاویان كردۆتەوە دەتوانم بڵێم زۆربەی هەرە زۆریان كتێبی نایاب و باشن، ئەمەش سەرەتایەكی باشە، بۆ پڕۆژەیەكی وا گرنگ.



مەریوان مەسعود

جێگری سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌




پۆلێنەکان: وتار