کام کتێبانە هەڵبژێرین بۆ خوێندنەوە، ئەوانەی کە تەنها هاوتەریبی بیرکرنەوەکانمانن یاخود دژی بۆچوونەکانمانن؟

Profile Picture
ڤانە حەمە كتێب 2023-04-16
Image

ئەگەر لەنێوان ئایدیاكاندا گرژی دروست نەبێت، كەواتە هیچیان شارەزای ئەو پەیام و ئایدیایانە نین كە هەڵیان گرتووە




کورتە باسێک لەبارەی هەڵبژاردنی کتێبەکانمانەوە لەگەڵ  نوسەر و وەرگێڕ کوردۆ شابان


کاتێک سەیری کۆمەڵگا دەکەین دەتوانین بەچەندان شێوە و لەسەر چەندین بنەمای جیاواز پۆلێنیان بکەین، جا ئەگەر پۆلێنکردنەکەلەسەر بنەمای خوێندنەوە وڕۆشنبیری و مەعریفە بێت، ئەوا دەتوانین چەند چین وگروپی تەواو پێکەوە بەستراو لە خاڵێکدا ببینینەوە و چەند گروپێکیش لەچەندان ئاڕاستە و بنەمای جیاوازەوە بەدی بکەین، جیاواز لە شێوازی ئەو بۆچوونانەی کە کاریگەر بووە بەو بابەتانەی خوێندویاننەتەوە و دەرکەوتنی کاریگەریەکەشی لەژیانی تاکەکەسی خۆیاندا و لەچوارچێوەی گشتیشدا، لەبەرامبەردا لە سەکۆیەکی تەواو هاوشێوە وپێکەوە بەستراودا دەیانبینیتەوە، ئەوەش ئەوەیە کە هەموویان لە  دەرئەنجامدا لەژێر چەتری خوێندنەوە و کتێبدا کۆدەبنەوە، بێگومان بەتەواوی هەموو ئەو بوار و ئایدیا جیاوازانەی کە هەریەک لە خوێنەرەکانی ژێر چەترەکە " چەتری خوێندنەوە وکتێب" هەڵیانبژاردووە و ئەو ئاڕاستەیەیان گرتۆتە بەر.


لە گرنگی ئەم پرسەوە ولە دیدی کاریگەریەکەیەوە  ئاگۆرا دەنگ بە کارکردن لەسەر دەیان کتیبی جۆراوجۆر وئایدیای جیاواز و باوەڕ و ژانری هەمەڕەنگ کە  لە هەناوی پرەسنیپ و بنەماکانی خۆیەوە هەڵقوڵاوە کە ئامانج لێی بەرفراوانکردنی تێروانین و ئاسۆی بینینی جیاوازە لەناو کۆمەڵگەدا، خوڵقاندنی کەشوهەوایەکە کە دەرفەت بڕەخسێنێت بۆ کۆکردنەوەی تەواوی بیروبۆچونە جیاوازەکان و دروستکردنی تاکێکی هۆشیار، کە لەتوانایدا هەبێت لەسەر بنەمای لۆژیک، ئەقڵ، پرس و گرفتەکان تاوتوێ بکات،  دواجاریش لە فەزای گەورەی کۆمەڵگەدا بتوانێت جیاوازی و بەرەوپێشچوون بخوڵقێنێت، چاوپێکەوتنێک لەگەڵ نوسەر و وەرگێر ئەنجام دەدات و دەپرسێت: خوێندنەوە ئەبێ چەندێکی ژیانی تاک داگیربکات؟ خوێنەر چۆن باشترین کتێبەکان بدۆزێتەوە؟ ئایا خوێنەر تەنها ئەو کتێبانە هەڵبژێرێت کە هاوتەریبن لەگەڵ بیروڕای خۆیدا یاخود بەپێچەوانەشەوە؟


لەگەڵ ئەوەشدا تاچەند کۆمەڵگایەکی خوێنەر گرژی وبەریەککەوتنی تاکەکان وئایدۆلۆژیا جیاوازەکان تێیدا ڕوودەدات یان بەپێچەوانەوە؟


- خوێندنەوە ئەبێ چەند لە ژیانی تاک داگیربکات؟


کوردۆ شابان: ئێمە دەبێت ئەوە لە مێشكماندا چەسپیبێت خوێندنەوە هۆكارە نەوەك ئامانج، واتە ژیان بریتییە لە هەموو شتەكانی كە لەخۆی گرتووە ئێمە كاتێك بەشێكی ئەو ژیانەی بۆ تەرخان دەكەین، لەبەر ئەوەیە ببێتە ڕێنوێنی بۆ بەشەكانی تری، ڕەنگە بە تێگەیشتنی مۆدێرنانە كەواتە دەتوانین بگەین بە ڕێنوێنیی زۆر باش بۆ ژیانمان بەبێ ئەوەی بخوێنینەوە بۆ نموونە لەڕێی بەرنامەی ڤیدیۆیی یوتیوب، یان بەرنامەی دەنگی و هۆكاری تر، ئەم ئەزموونە زۆر تاقیكراوەتەوە و سەركەوتنیشی بەدەست هێناوە، واتە مادەم خوێندنەوە تەنیا هۆكارە دەشتوانین لە ڕێی ترەوە بگەین بەو زانیارییانەی پێویستمانە، بەڵام ئایا كام زانیارییانەی ڕۆژانە فێری دەبین هەرگیز بیرمان ناچێتەوە؟ بە چەندان بەڵگەی زانستی و پراكتیكیش سەلماوە، تەنیا ئەو زانیارییانە دەچەسپن كە لە ڕێی كتێب و خوێندنەوەوە پێی گەیشتووین، چونكە لە خوێندنەوەدا ئێمە هەموو ئەركی تێگەیشتنمان نەداوە بە چاو  و گوێ، بەڵكوو خوێندنەوە ڕێگا بۆ فرەوانكردنی خەیاڵمان و تیژكردنی هزرمان و هێوركردنەوەی هەستەكانمان خۆش دەكات. نموونەیەكی بچووك ئایا، هیچ فیلمێكت بینیوە خۆی ڕۆمان بووبێت و پێشتر ڕۆمانەكەیت خوێندبێتەوە؟ داخۆ ئەو فیلمە هەرگیز چێژی ڕۆمانەكەی پێ بەخشیویت؟ بەدڵنیاییەوە ئەگەر بەو جۆرەش بووبێت، لەبیرت دەچێتەوە چونكە لە خوێندنەوەدا خۆت مێشكت ماندوو كردووە و هەموو دیمەن و كارەكتەرەكانت دروست كردووە، دەرهێنەرێك نەهاتووە ئەم كارە لەجێی تۆ بكات.

پوختەی گوتەكە ئەوەیە، لەبەر ئەوەی ژیان بەردەوام نوێ دەبێتەوە، پێویستە بەردەوام فێری زانیاریی زیاتر بین. لە ڕوانگەی منەوە وێڕای هەموو ڕێگەكانی تر، خوێندنەوە باشترین ڕێگایە بۆیە دەبێت بەشێكی بنەڕەتیی ژیانی هەموومان بێت، ئیدی هەر كەسە بەپێی گونجانی ئەو كاتانەی بۆی دیاری دەكات.



خوێنەر چۆن باشترین کتێبەکان بدۆزێتەوە؟ 


کوردۆ شابان: هەموو باشترینێك ڕێژەییە، تەنانەت ئەو بیردۆزەی كراوەتە كتێب و خەڵاتی نۆبڵیشی پێ وەرگیراوە، ئەگەری هەیە بە دۆزینەوەیەكی نوێ ئیدی ئەو كەڵكی نەمێنێت، هەروەها لەبەر ئەوەی بە ژمارەی مرۆڤەكانی زەوی حەز و خولیای جیاواز هەیە، كەواتە بۆ هەر یەكێك لەم هەشت ملیارەی دونیا پێوەری تایبەت هەیە بۆ دۆزینەوەی باشترین كتێب، لەگەڵ ئەوەشدا خوێنەر دەبێت پۆلێنێك و نەخشە ڕێگەیەك بۆ خۆی دروست بكات، هەنگاوی یەكەم، زانیارییە بنەڕەتییەكان لەسەر ئاستە جیاوازەكان:


١. فەلسەفە و فیكر و ئاییناسی.

٢. ئەدەبیات، شیعر و ڕۆمان و چیرۆك.

٣. زانستی، ماتماتیك، فیزیا بایۆلۆجی..

٤. مێژوویی.

٥. دەرونناسی، كۆمەڵناسی..


بەم شێوەیە پێویستە لەسەر هەر یەكێك لەوانە، كتێبی بنەڕەتی بخوێنێتەوە. لە هەنگاوی دووەمدا، بۆی دەردەكەوێت حەز و خولیاكانی ئەو لەگەڵ كامیاندا زیاتر یەكدەگرێتەوە هەوڵ دەدات لەویان زیاتر بخوێنێتەوە، ئیدی خۆی پاش چەند ساڵێك لەو بوارە قاڵ دەبێتەوە. 

بە ڕای من خوێنەرە سەرەتاییەكان پێویستە فرەبوار بخوێننەوە، بەڵام ئیدی پاش قاڵبوونەوە لە خوێندنەوە پێویستە ڕێچكە و ڕێگەی خۆیان دۆزیبێتەوە و بزانن ئەوداڵی چین، بۆ نموونە من چێژ لە خوێندنەوەی ئەدەبیات دەكەم لەگەڵ ئەو كتێبانەی لەسەر فەلسەفە و ئاینناسیە، ئیدی تازە مەگەر كتێبێك زۆر پێویست بێت ئەگینا ناچمەوە بەلای كۆمەڵناسی، یان بۆ نموونە بایۆلۆجی و مێژوو.



ئایا خوێنەر تەنها ئەوکتێبانە هەڵبژێرێت کە هاوتەریبن لەگەڵ بیروڕای خۆیدا، یان بەپێچەوانەشەوە؟


کوردۆ شابان: لە پرسیاری پێشوودا تا ڕادەیەك ئەم وەڵامەشم داوەتەوە پێم وایە خوێنەری سەرەتا نا، بەڵام خوێنەری بەئەزموون دەبێت زیاتر ئەو بوارانە بخوێنێتەوە كە لەگەڵ خولیاكانی خۆیدا دەگونجێن، ئەمەش خۆی ناڕاستەوخۆ وامان لێدەكات فێربین تەنیا قسەش لەسەر ئەو بابەتانە بكەین كە زۆرترمان لەسەریان خوێندۆەتەوە و پەل بۆ هەموو بابەتێك نەهاوێژین، هەڵبەت دووپاتی دەكەمەوە گەنج و ئەوانەی لە ساڵانی سەرەتادان باشترە هەموو جۆرە كتێبێك بخوێننەوە و نەكەونە ژێر كاریگەریی ڕێنوێنی هیچ پسپۆڕێكەوە، چونكە تەنیا خۆمان پسپۆڕی دەروونی خۆمانین.


تاچەند کۆمەڵگایەکی خوێنەر گرژی و بەرکەوتنی تاکەکان و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان تێیدا ڕوودەدات یان کەم دەکات؟


کوردۆ شابان: ڕاستییەكەی دروستبوونی گرژی و بەریەككەوتنی ئایدۆلۆجیا جیاوازەكان زۆر تەندروست و باشە، بەپێچەوانەوە ئەگەر لەنێوان ئایدیاكاندا گرژی دروست نەبێت، كەواتە هیچیان شارەزای ئەو پەیام و ئایدیایانە نین كە هەڵیان گرتووە، ئەوەی كە نابێت دروست ببێت، سڕینەوەی ئەوی ترە تەنیا لەبەر ئەوەی بە جۆرێكی دیكە بیر دەكاتەوە و پێی وا نییە بیركردنەوەی تۆ ڕاستترە، ئێمە كاتێك كار بۆ یەكتر قبوڵکردن دەكەین نابێت باسی سڕینەوەی جیاوازییەكانی نێوانمان بكەین، من هیچ ناچار نیم دان بە بڕواكانی تۆدا بنێم، بەڵام ناچارم بڕوام وا بێت کە تۆش وەك من ئازادیت لە هەڵبژاردنی بڕوادا، ئەمەی دووەم فێرمان دەكات هەر یەكەمان بەڵگە بۆ ئەو بەهایانە بهێنینەوە كە خۆمان بڕوامان پێیەتی، بەڵام هەرگیز ئامادە نەبین لەپێناو بەهاكانماندا ئەوی تر بسڕینەوە، لە كاتێكدا هەموو بەهایەك گومانە و ئەگەری هەیە ڕاست نەبێت یان ئەوەی ئەمڕۆ پێمان پووچە، سبەی بۆمان دەركەوێت ئەو ڕاستتر بوو.


 هەر لەو سۆنگەی گرنگی بەکلتورکردنی خوێندنەوەوە ئاگۆرا دەنگ، کە پڕۆژەیەکی جیاوازە  هەنگاوی گرنگ دەنێت لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی مەعریفی کۆمەڵگە و پەرەدان بە کەلتوری خوێندنەوە، لە ئێستادا دەتوانن لە ئەپڵیکەیشنی ئاگۆرا دەنگەوە گوێبیستی باشترین بەرهەمەکان و کتێبەکان بن بە باشترین کوالێتی دەنگی.



پۆلێنەکان: كتێب