ئاگۆرا ڤیژن دەبێتە مینبەری بە جیهانیکردنی کتێبخانەی کوردی و ناساندنی ئەدەبیاتی کورد بە دنیا

Profile Picture
ڤانە حەمە ئەدەبیات 2023-08-30
Image

نەتەوەیەکی ژێردەستەی وەک کورد سەدان جار زیاتر پێویستی بە پەرەپێدان، ناساندن، گەشەسەندنی زمان وکلتورەکەیەتی



لەگەڵ ئەوەی ئەدەبیات لەو پێگە بەرزەیەو ئەو کاریگەریە بەرچاوەی هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە کەمی ئەو بەرهەمە کوردیە دانسقانەیە کە وەرگێڕدراون بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و زمانە بەهێزەکانی دیکەی دونیا. هەر بۆیە ئاگۆرا ڤیژن بەشێکی گرنگی دابین کردووە بۆ ئەم مەبەستە، ئەویش کاری وەرگێڕانی بەرهەمی نوسەرە کوردەکانە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و ئاشناکردنیەتی بە چاو و گوێ و نەستی چینی خوێنەر لەسەرانسەری جیهان، کە ئەمەش ڕێڕەوێکی نوێی سەردەمیانەیە بۆ بە بازاڕکردن و ناساندنی مێژوو و کلتوری کورد لە زمانی نوسەرانی کوردەوە. ئاخر کوولتورو ئەدەبیات دوو چەمکن کە ئاوێزانی یەکن و هەردووکیشیان هەروەک چۆن بۆماوە ماددەکانمان کاریگەری دەکاتە سەر ڕەفتار و شێوەشمان، ئاوا ڕۆڵێکی کارای هەیە لەسەر بونیادی مرۆڤ. لەمەشەوە پەی بەوە دەبەین کە کوولتوری نەتەوەیەک بۆ ئەوەی بمێنێتەوە پێویستی بە دوو توێی بەرگی بەرهەمە ئەدەبیەکانی نوسەرانە تاوەکو بەزمانێک بینوسنەوە کەوا بتوانێت بگات بە چاو و گوێی خوێنەری گەنج و نەوەی داهاتوو، نەوەک تەنها  لەچوار چێوەی وڵاتەکەی  بمێنێتەوە کە بێگومان کاری لەپێشینەی هەر نوسەرێکە سەرەتا کولتوری وڵاتەکەی بە زیندوویی بهێڵێتەوە، بەڵام هەنگاوی دواتر و خەونی داهاتووشی دەبێت گەیاندنی بێت بە کۆمەڵگەکانی دیکە.


 نەتەوە سەربەخۆو ئازادەکان کە مافی چارەی خۆنوسینیان هەیە ئەگەر جارێک پێویستیان بە هێشتنەوەو گرنگیدان بە کوولتورو زمانەکەیان هەبێت، ئەوا نەتەوەیەکی ژێردەستەی وەک کورد سەدان جار زیاتر پێویستی بە پەرەپێدان، ناساندن، گەشەسەندنی زمان وکلتورەکەیەتی. خۆ ئەگەر لە چوارچێوەی نەتەوایەتیش دەربچین، ئەوا بە دیوە زانستییەکەیدا گرنگی ئاوێتەکردنی بۆچون و ڕەنگ و زمان و کوولتورە جیاوازەکانمان بۆ دەردەکەوێت. ئاخر ئەگەر سەرنج بدەین زەویش کاتێک بە سەلامەت دادەنرێت کە هەموو جۆرەکانی زیندەوەر، ژیان و مانەوەیان پارێزراوبێت. کەواتە هەمەجۆری کلیلی مانەوەی بوونمانە. بێگومان هەر ئەمەش نا بەڵکو بۆ ئەوەی هەنگاوی دواتر بهاوێژین پێویستمان بەوەیە خەیاڵ وئەندێشەکانمان هاوبەشی پێبکەین هەروەک یووڤاڵ نوح هەراری، نوسەر و بیرمەندی ئیسرائیلیش دەڵێت: مرۆڤ بەهۆی ئەوەی توانیویەتی خەیاڵ و ئەندێشەکانی لەگەڵ یەکتر ئاڵوگۆڕ بکات توانیویەتی لە ئەشکەوتەکانەوە دەربکەوێت و ئێستا حوکمی جیهان بکات. ئەم کلیلەی ئاگۆرا ڤیژنیش ئێستا لەدەستیەتی تێکەڵاوکردنی بەرهەمە ئەدەبیەکانی نەتەوەی کوردو هەموو جیهانە لە ڕێگەی وەرگێڕانیان بۆسەر زمانە بەهێزەکانی دونیا. ئاگۆرا ڤیژن بەم کلیلە کورد بە هۆشمەندترین چینی دوونیا دەناسێنێت.


ئاگۆرا ڤیژن وەک پلاتفۆڕمێک بووەتە سەکۆیەکی لەبار. کە ئاوێزانکردنی بەرهەمانی ڕۆژئاوا و کوردی کردۆتە دروشمی کارەکانی، جگە لەوەی کە تەنها ڕازی نیە بە چاو و مێشکی خوێنەر و لەڕێگەی ئەو بەرهەمانەی کە دەیانکات بە کتێبی دەنگی گوێیەکانی خوێنەریشی کردۆتە ئامانجی کارەکانی. ئەم هەوڵەی ئاگۆرا ڤیژنیش لەچەندین ڕوەوە دەتوانیت گرنگیەکەی ببینیت. بۆ نموونە لە خوێنەرێکی کورد بپرسە ناوی دەیان نوسەرو زانا و کەسایەتی بیانیت پێ دەڵێت، لێ بە پێچەوانەوە خوێنەرانی وڵاتە بیانیەکان کەمترین ئاگایان هەیە لەمەڕ نوسەرو مێژوو و کلتوری کوردەوە؛ ئاخر سەدان بەرهەمی وەرگێڕدراو لەبەرامبەر کەمترین بەرهەمی کوردی بۆ زمانە بیانەکانیانن. هەربۆیە لەگەڵ سەرنجدان لەو سستی و کەمتەرخەمیەی کە هەیە لەبواری وەرگێڕان، ئاگۆرا ڤیژن بۆ بەدیارخستنی ئەم مژارە گرنگە لەگەڵ نوسەرو وەرگێڕ، مامۆستا شێرزاد حەسەن، دیارترین هۆکار و کەمتەرخەمیەکانی بواری وەرگێڕانی بەرهەمە کوردیەکان  بۆ زمانە بەهێز و کاریگەرەکانی دونیا گەنگەشە دەکات.


ئاگۆرا ڤیژن: گرنگی ئەدەب و کلتور چیە لە کۆمەڵگەدا؟

شێرزاد حەسەن:  ئەدەب و کلتور ئەوەندە گرنگە بەجۆرێک نەتەوە نییە لە سەر ڕووی زەمین بەبێ وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبیەکانی توانیبێتی پێشبکەوێت. بۆنمونە یەکێک لە کاریگەریەکانی ئەدەبیات ئەمەیە کە ئەقڵێکی ڕەخنەگرانە دروست دەکات. ئەگەر ئەقڵێکی ڕەخنەگرانە دروست نەبێت چۆن دەتوانیت مرۆڤێکی تازە و زانستخواز دروست بکەیت، کوڕ و کچانێکی ڕەخنەگر دروست بکەیت کە پرسیاری زۆریان هەبێت و داهینان بکەن، بەتایبەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

ئاگۆرا ڤیژن: لە خوێنەرێکی کورد بپرسە، ناوی دەیان نوسەری بیانیت لەسەرانسەری جیهان پێدەڵێت چونکە بەرهەمی ڕۆژئاوایی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی، بەپێچەوانەوە کەمترین بەرهەمی کورد وەرگێردراونەتە سەر زمانی بیانی، بۆچی بەم جۆرەیە؟


شێرزاد حەسەن: ئەمەی تۆ دەیڵییت هۆکارەکەی ئەوەیە کە وەرگێڕان لە هەموو دونیادا ئەوەی لێی بەرپرسە وەزارەتی ڕۆشنبیری و کوولتورە. دەبێت ئیشەکەی ئەوەبێت و زۆر دەست بڵاوبێت لە وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبیەکانی بۆ سەر زمانە زیندووەکانی دونیا. بەڵام من نەمدیوە وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەوەبکات بە پیشەی سەرەکی خۆی تەنها لە ڕابردوو کە چەند کەسانێک کردویانە. ئەمە دەبێت ئەوکەسانەی لەدەسەڵاتن خەمی بخۆن.

لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئەگەر باسی ئەو کەمتەرخەمیە بکەین دەبێت لەدوای ڕاپەڕین” دادگایی خۆمان بکەین”، کە هۆشیاریەکی بەو چەشنە نیە لەبارەی گرنگی و پێگەی وەرگێڕانەوە. هاوکات بودجەیەکی پێویست نیە لەپاڵ نەبوونی کەسانی پێویستیش لەو بوارەدا، ئەوەشی کە هەیە لەپای ماندووبونی هەقی خۆی بە وەرگێڕە بەتواناکان نادرێت. لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا دۆخی کوردستانیش بەجۆرێکە، ئەگەر وەرگێڕ چەند جارێک هەقی خۆی وەرگرێت بەهۆی ئەو دۆخەی لە کوردستان هەیە، دەبێت خەمی ژیانی خۆی بێت، نەوەک بیر لە بەرهەمێکی دیکە بکاتەوە.


ئاگۆرا ڤیژن: کورد وەک نەتەوەیەکی ژێردەستە لەپاڵ ئامڕازەکانی دیکەی وەک ڕاگەیاندن، سیاسەت و هەر دەروازەیەکی دیکە تاچەند پێویستە بەهۆی بەرهەمە ئەدەبیەکانی مێژووی خۆی و کولتوری خۆی بە جیهان ئاشنا بکات؟


شێرزاد حەسەن:  دەتوانم بە نمونەیەک ئەمەت بۆ روون بکەمەوە. لەدوای جەنگی جیهانی دووەم وینستن چەرچڵ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، گەورەترین بودجەی تەرخانکرد بۆ کوولتور. ئەنجومەنەکەی پێیانگوت کە ئێمە دۆخەکەمان وێرانە بەڵام ئەو وتی: ئینگلیز بە کلتور ناسراوە. ئەگەر کلتور زیندوو بکەینەوەو ڕەنگینی بکەینەوە ئەوە بەریتانیا بەدڵنیایی دێتەوە سەر پێی خۆی. کە بێگومان بەشێکی گرنگی کوولتوریش لەڕێگەی ئەدەبیاتی ئەو وڵاتەوە دەمێنێتەوە.


گەر بەدواداچوونێکیش بکەین دەبینین لە زۆر وڵاتی پێشکەوتووی دونیا بودجەیەکی زۆر بۆ پەروەردەو وەزارەتی ڕۆشنبیری تەرخانکراوە. بۆیە ئەدەبیات و کوولتورو ناساندنی بۆکورد لە هەرە کارە لەپێشینەکان و کاریگەرەکانە. بۆنموونە لە ڕێگای ڕۆمانەکانمانەوە دەتوانین مێژوو و ئازاری وڵاتەکەمان بگەێنین. من لە یەکێک لە ڕۆمانەکانمدا بەناوی لۆزان، کە ئەڤینداریە باسی دابەشکردنی کوردستانم کردووە.


ئاگۆرا ڤیژن: ئەم هەوڵەی ئاگۆرا ڤیژن لەپاڵ ئەو لاوازی و سستیەی لەم بوارەدا هەیە چۆن دەبینیت، کە جگە لە بەدەنگیکردنی کتێبەکان، وەرگێڕان بۆ بەرهەمە ئەدەبیەکانی کوردیش دەکات؟


شێرزاد حەسەن: من پێمخۆشە و زۆرباشە کە هەوڵێکی لەم جۆرە هەیە. هەوڵەکان هەبووە و هەیە بەڵام لەسەر ئاستی تاکە و ئەوکەسانەش زۆربەیان وەرگێڕان پیشەی سەرەکیان نیە. بەڵکو لەکاتە بەتاڵەکانیاندا دەرفەت دەدزۆنەوە بۆ کاری وەرگێڕان چونکە ناتوانن بژێوی ژیانیان لەسەر کاری وەرگێڕان دابین بکەن. من دۆستێکم هەیە لەگەڵ خانمێکی ئەڵمانی کە ئاشقی ئەدەبە و دەیانەوێت کاری وەرگێران بۆ بەرهەمی کوردی بکەن و دەڵێن ئەدەبیاتی کوردی هەیە بۆچی دەست نەکەین بە وەرگێڕانیان. بەڵام ئەوان فەرمانبەرن و هەشت کاتژمێر کار دەکەن، بۆیە لێرەدا بەربەستێکی گەورە دروست دەبێت چونکە جیاوازی هەیە کەسێک بە تایبەتی خۆی بۆ وەرگێڕان تەرخان بکات و کەسێکیش تەنها وەک خولیایەک بیکات.


 بۆ نموونە خۆم دوو ڕۆمانم بەناوی لۆزان و دواشەوی دابەزینی عیسا، بڵاوبونەوەکەی بە کۆمەک و هاوکاری بووە. من و وەرگێڕەکەم وتمان کە لەحەقی خۆمان خۆشبووین. بابەتەکان بەمجۆرەن و تاک ئەم ئەرکانەی لە ئەستۆ گرتووە. لەزۆربەی حەقە ماددییەکانی خۆم خۆشبووم لەسەر ئەو بەرهەمانەی کە هەمە. وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبیەکانی کورد نرخ دادەنێت بۆ ماندووبونیان. بۆنمونە من گەر باسی خۆم بکەم ڕۆمانی دابەزینی عیسام ٢٠ ساڵ بیرم لێکردۆتەوەو ڕەنجم لەگەڵ داوە، بۆیە وەرگێڕانی دەیەها جار باشترە گەر بەزمانێکی دیکە بکەوێتە بەرچاوی خوێنەر.


ئاگۆرا ڤیژن: جگە لە گرفتی بودجە، ئایا گرفتێکی کاریگەری دیکە هەیە کە بوبێتە بەربەستی وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبیەکانی کورد؟


شێرزاد حەسەن: وڵاتانی دیکە ڕاوێژکاری ڕاستەقینەی هەیە بۆ ئەم کارە، بەڵام ئێمە کەمترین ڕاوێژکاری ڕاستەقینەمان هەیە لە وەزارەتەکانی پەیوەست بەم بوارە. بەشێکیان شارەزاییان نیە و ئەو بەهرەمەندەش نین کە لەم پۆستەن. ئەمەش کاریگەریەکی گەورەی هەیە لەسەر سستکردن و بەرەوپێش نەچوونی نوسین و وەرگێڕان.  دۆخەکە بەجۆرێکە سەدان کەس دەناسم، کە بەهۆی پەیوەندیەکی کەسییەوە لەو پلە گرنگەدان نەوەک لەبەرئەوەی شارەزاییەک و هونەرێکی تایبەتیان هەیە لەم کارە.

ئاگۆرا ڤیژن: کام بەرهەمێکی باشی ئەدەبیاتی کوردی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی دیکەی دونیا؟


 شێرزاد حەسەن: ئەوەندەی من ئاگادارم، شاکارەکانی بەختیارعەلی کە یەکێک لەوانە دواهەمین هەناری دونیا و شاری مۆسیقارە سپیەکانە کاری وەرگێڕانیان بۆکردووە. جگە لەمانەش شاکارێکی شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس و شیعری دیکەش لەسەر دەستی کەمال میراودەلی وەرگێڕدراون. لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن ناوەندی کەشکۆڵەوە لە زانکۆی ئەمریکی بەرهەمەکانی شێخ ڕەزای تاڵەبانی کاری وەرگێڕانیان بۆ کراوە بۆسەر زمانی ئینگلیزی و بەردەوامە.


ئاگۆرا ڤیژن: بەرهەمەکانی خۆتان کامانەن کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە بیانیەکان؟

 شێرزاد حەسەن: دوا شەوی دابەزینی عیسام کراوەتە سەر زمانی ئەڵمانی. هاوکات چیرۆکی ئیزرائیل بۆ سەر زمانی  ئینگلیزی و ئیسپانی، حەسار وسەگەکانی باوکیشم کار دەکەن بۆ ئەوەی بیکەنە سەر زمانی ئینگلیزی، هاوکات ڕۆمانی لۆزانم کراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانییش، وە بڕیاریشە بکرێتە سەر زمانی یۆنانی، ئەرمەنی و فەڕەنسی لەبەرئەوەی ئەم وڵاتانە لەناو ئەوانەدان کە بەشدارن لە پەیماننامەی لۆزان. هەندێک چیرۆک و ڕۆمانیشم کراوەتە سەر زمانی تورکی وفارسی، یەکێک  لەوانەش حەسارو سەگەکانی باوکمە. بێگومان بەرهەمی دیکەشم وەرگێڕدراون بەڵام لە ئێستادا ئەوەندەیانم هەیە.


ئاگۆرا ڤیژن: تێکەڵکردن و ئاوێزانکردنی ئەدەبیات و کلتورمان لەگەڵ جیهان وەک ئەوەی ئاگۆرا کردویەتی بە پیشەی خۆی چەندە جێگای بایەخە و چۆن قاڵبی شارستانیەت دادەڕێژێتەوە بۆ داهاتوو؟


 شێرزاد حەسەن: غاندی دەڵێت: من دەرگا و پەنجەرەکان دەکەمەوە بۆ شنەبای هەموو دونیا بابێت. غاندی مەبەستی لە کلتور بوو، با هەرچی کلتورە بێت. ئەمەش گرنگی کلتور و تێکەڵبوونی ئەدەبیاتە جیاوازەکانە بەڕووی دونیادا. جیهان کە پێشکەتووە بەهۆی ئەوە بووە هەر نەتەوەیەک بە زمانی خۆی ئاگاداری مێژوو و کلتور و ئەدەبیاتی جیهان بووە. ئەدەب هەڵگری هەموو مێژووەکانی دونیایە بۆخۆی. من لە ڕێی ئەدەبیاتەوە ڕوسم ناسی، ئێرلەندام ناسی، بۆیە ئەدەب باشترین ئامڕازە بۆ شێوەپێدانی کۆمەڵگاکانی داهاتووی مرۆڤایەتی. 


مامۆستا شێرزاد حەسەن، نوسەر و وەرگێڕی کورد، لە کۆتا وتەی خۆیدا لەبارەی گرنگی و کاریگەری ئەدەبیاتەوە وتی: ئەگەر ئەدەب نەبوایە من ئەو کەسەی ئێستام لێ دروست نەدەبوو. ڕەنگە ببومایە بەکەسێکی توندڕەو و داعشێکم لێ دروست ببوایە.




پۆلێنەکان: ئەدەبیات