بە کێ دەوترێت خوێنەری باش؟

Profile Picture
ڤانە حەمە ئەدەبیات 2022-10-19
Image

خوێنەری باش واتە کۆمەڵگەیەکی باش، پاشان نەتەوەیەکی باش و سەرئەنجام جیهانێکی باشتر!



وەرگێڕانی لە کوردییەوە بۆ ئینگلیزی: ئاگۆرا وەرگێڕ


ئەگەر لەبنەمای بنەڕەتیی وردبینەوە ئەوا خوێندنەوە هەنگاوە، پڕۆسەیە، ئەنجامە. کەواتە کاتێک کەسێک دەست دەکات بەخوێندنەوە، ئەوە هەنگاوی یەکەمی بەرەو گۆڕانکاریەک لەخۆیدا ناوە. بەڵام ئەگەر لە بنەما و گرنگی خوێندنەوە گەیشتبین ئەوا درک بەو ڕاستیە دەکەین کە دووەم هەنگاوی گرنگ لە خوێندنەوەدا شێوازی خوێندنەوە و سود وەرگرتنی خوێنەرە لە هەریەک لەو پەرتوکانەی دەیانخوێنێتەوە. ئا لێرەشەوە پەی بە گرنگی هەنگاوی سێیەم دەبەین کە ئەویش دروستکردنی کاریگەری و گەیشتن بە ئەنجامە. کەواتە خوێنەری باش کێیە؟


با سەرنجێک بدەین لەم چیرۆکە…


عەلائەدینی سەجادی لەیەکێک لە بەسەرهات و پەندەکانیدا لە ڕشتەی مرواریدا دەڵێت: دەگێڕنەوە سەردەمانی زوو لەناو یەکێک لە مزگەوتەکانی شاری سلێمانی کابرایەکی موسڵمان دەچێتە مزگەوت و بۆ نوێژی نیوەڕۆ، بەڵام لەبری چوار ڕکات نیەتی هەشت ڕکات نوێژی نیوەڕۆ دەهێنێت. مەلای مزگەوتەکە گوێبیستی ئەمە دەبێت و لەپاش تەواوبونی کابرا لێی دەپرسێ، ئەرێ کابرا نوێژی نیوەڕۆ چوار ڕکاتە، چما تۆ کردت بە هەشت؟ کابرای موسڵمانیش دەڵێ مامۆستا من هەشتم کرد، جا خودا بکات چواری باشی لێوەرگرێت و چواری خراپیشی بداتەوە بەسەرخۆمدا!


جا لێرەوە بۆی هەیە بتوانین بڵێین خوێنەرێکی باش ئەوە نیە کە هەموو شتێک وەربگرێت یان هەمووشتێکی نوسەرەکە ڕەت بکاتەوە. بەڵکو خوێنەری باش لەهەر چەند کتێبێک چەند بیرۆکەیەک دەچنێتەوە و لەهەمویان  بیرۆکەیەک دەئافرێنێت. خوێنەری باش کار لەسەر لەبەرگرتنەوەی فکرو ئایدیاکانی ناو کتێبەکە ناکات چونکە خوێندنەوە دەبێت فێری ڕەخنە و گۆڕانکاری و داهێنانت بکات، نەوەک تەنها خوێندنەوەو چەق بەستن!


 لە دیدگایەکی دیکەوە خوێنەرێکی باش دەستپێک و ڕێگاکە و ئەنجامەکەی لەبەرچاوە. ئەو کەسە خوێنەرێکی باشە کە دەزانێت بۆ دەخوێنێتەوە و ئامانجێکی هەیە!


کە خوێندنەوە  یەکێکە لە ڕێگاکانی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بە ئاگاهێنانەوەی تاک و سەرئەنجام کۆمەڵیش، لێرەوە پرسی خوێندنەوە و خوێنەرێکی باش دەچێتە ئاستێکی باڵاتر. ئەگەر نەچێتە ئاستێکی باڵاترو لەبازنەی تاک و گروپی بچوکدا بمێنێتەوە، ئەوا خوێنەرەکە ئامانجی سەرەکی پڕۆسەی خوێندنەوەی نەپێکاوە. لێرەدا دەگەین بە سێیەم هەنگاوی گرنگی خوێندنەوە و سێیەم ئەرکی خوێنەری باش کە ئەویش ئەنجام و کاریگەری خوێندنەوەکەیە لەسەر خوێنەر.


 بۆچی دەبێت بوونی خوێنەرێکی باش بچێتە ئاستێکی باڵاتر؟

چونکە خوێنەر کەسێکە بونی هەیە، بوونی هەیە چونکە کەسێکە ڕای هەیە، ڕایەکی باشیش کاریگەریەکی باش دروست دەکات.

بۆ زیاتر ڕۆچوونە ناو ناواخنی بوون بە خوێنەرێکی باش دەستەواژەی هۆشیاری یاخود ئاگایی بە نموونە وەردەگرین. کاتێک بنەمای خوێندنەوە بە ئاگاهێنانەوەی تاک و کۆمەڵ بێت و بە ئاگاهاتنەوەش ڕای جیاواز و گفتوگۆی لۆژیکی و گوێگرێکی ئەقڵانی بخوڵقێنیت؛  بوونی هەموو ئەمانەش لەکۆمەڵگەیەکدا لە دەرئەنجامدا هەریەکەیان لەبوارو پێگەی خۆیاندا داهێنان بکەن و بەرەوپێشی ببەن و هەرهەمووشیان پێکەوە سیاسەتمەدارێکی باشتر، نەتەوەیەکی تەندروستتر، جیهانێکی جوانتر بخوڵقێنن، چۆن دەکرێت خوێندنەوە نەچێتە ئاستێکی باڵاتر؟


 ئەگەر سەرنجێک لە وڵاتەکانی سەرانسەری جیهان بدەین، زۆر بەزوویی لەڕێی جیاوازی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگاکانەوە دەتوانین بگەین بەو جیاوازییەی لە شێواز و جۆری ژیانیشیان هەیە. ئەگەر کەمێک قوڵتری بکەینەوە دەگەڕێینەوە بۆ سروشتی بایۆلۆجی مرۆڤایەتی… بەڵێ دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەوێ! گەر بەمێژووی پەیدابوون و لەناوچوونی جۆرە جیاوازەکانی مرۆڤایەتی بچینەوە، دەبینین ملیۆنان جۆری زیندەوەرەکان و تەنانەت گروپ و کۆمەڵەی جیاوازی مرۆڤەکانیش کە پەی بە مەترسیەکانی دەوروبەرو ڕێگاکانی ڕزگاربوونی خۆی و کۆمەڵەکەی نەبردووە لەناوچووە. بەپێچەوانەوە ئەو زیندەوەرانەی هۆشیاربون وڕێگای مانەوەیان دۆزیوەتەوە توانیویانە نەک هەر بمێننەوە ولەناو نەچن بەڵکو توانیویانە پەرە بەجۆرەکەی خۆیان بدەن و باشترینی خۆیان بئافرێنن.


لە دەرئەنجام دەبینین، ئاگایی و هۆشیاربونەوە کلیلی مانەوە و کەرەستەی ملمانێی باشترینەکانە بۆ مانەوە!




پۆلێنەکان: ئەدەبیات