ئەدەب، دیالۆگ لەگەڵ باشترین ئەقڵیەتی ڕۆژگار


ئەگەر ئەمە ئەدەب بێت، چۆن دەکرێ بە ئەدەبی بیانی ئاشنا نەبین؟
وەرگێڕانی لە کوردییەوە بۆ ئینگلیزی: ئاگۆرا وەرگێڕ
پێموایە ئەگەر لە پرسیارەوە ڕۆبچینە ناو پرسی گرنگیی ئەدەبەوە، ئەوا بیرو هزرت باشتر پەیوەست دەبێ بە کڕۆکی بابەتەکەوە.
کەواتە ئەدەب چیەو چۆن بایەخی خۆی لەناو ژانراکانی دیکەدا دەکاتەوە؟ ئەگەر ئەدەب ئەوەبێت کە بە ڕۆمانێک، داستانێک، یاخود هۆنینەوەکانی هۆنراوەیەک بەچیرۆکی دوو عاشق هۆشت داگیر بکات و دواتر بە کارەساتێک ڕاتبچڵەکێنێت؟ ئەگەر ئەوە بێت پەلکێشت بکات و زیاتر بتبات؛ بتبات بەناو ڕێچکە تەسک و تاریکەکانی مێژووی گەلانی پێشوو؟ ئەگەر ئەوەبێت کە ڕووبەڕوت بکاتەوە لەگەڵ فکری تاریکی کۆمەڵگاکانی بەر لەخۆت، کارەسات و تیاچوون و دروست بوونی چەندین شارستانیەت؟ ئایا ئەوە بەس نابێت بۆ بەبایەخ بوونی ئەدەب؟
با لەناو ئەو ئۆقیانوسە لە ئەدەب کەمێک تێبفکرین، با لە ئەلیادەو ئۆدیسەی هۆمیرۆس وردبینەوە کە لەناو هەموو داستانەکاندا ئەدرەوشێنەوە، کە لە وڵاتی یۆنانی ئێستا نوسراوە. لە داستانی ئەلیادەدا کیژۆڵەیەک بەناوی هێلین دڵی شەیدای گەنجێکی بیانی جوامێر دەبێت بەناوی پاریس، بەڵام ئەوینداری ئەم دوو عەشقە گرێ و گۆڵی زۆری تێدەکەوێ. ئاخر هێلینی عاشق ژنێکی بەمێرد بووە، بەڵێ دەڵێم بەمێرد! لێرەوە هۆمیرۆس بە هێنانە بەرباسی هەڵهاتنی هەردوو عاشق بۆ وڵاتی تورکیای ئەمڕۆ، چیرۆکی ململانێ و کێشمەکێشی دوو وڵاتی یۆنان و تورکیامان بۆ وێنا دەکێشێت. ئەگەر بەشێوەیەکی بابەتیانە جگە لەدیوە ڕۆمانسیەکەی داستانەکە بڕوانین، ئەوە زۆر بەڕوونی بابەتگەلێکی زۆر لەو داستانە هەڵدەهێنجین.
ئەگەر ئەدەب ئەوەبێت کە شاعیرێک لە هۆنراوەیەکیدا ڕووداوگەلی گرنگی مێژوو دەپارێزێ و تەنانەت ڕەنگە لە ئەندێشەشدا وێنای داهاتووی سەردەم و دۆخی مرۆڤایەتی و ڕووداوەکان بکات، هەروەک چۆن شێرکۆ بێکەسی شاعیر هاواری بێماڵی و ئاوارەیی و داگیرکاری سەر نەتەوەکەی لە دێڕە شیعرێکدا دەهۆنێتەوە، کە دەڵێت:
ئەوەتەی کۆچ هەیە، کۆچ دەکەم
ئەوەتەی گڕ هەیە، ئەسوتێم
ئەوەتەی ئاو هەیە، ئەخنکێم
ئەوەتەی تیغ هەیە، قوربانیم
ئەگەر ئەدەب بروسکەیەک بێت لە پەیکەرە تۆز لەسەر نیشتوەکانی مێشکت بدا، کانیاوێک بێت کەهەمیشە بکرێ شتێکی لێ هەڵهێنجی، وروژاندنی پرسیارگەلی بۆچی و چۆن ئێمە لێرەین بێت؟ ئەگەر لاپەڕە چاپکراوەکانی ئەو پەرتوکە ئەدەبیانەی بەردەستت بۆ هۆشمەندیەکی قوڵتر لەبارەی ئەو شوێنەی کە خۆمانی لێین و وە خودی خۆشمان ببات؟ ئەگەر ئەدەب وەک سەزەرلاند لە کتێبی مێژویەک لەبارەی ئەدەب دەڵێت: ئەگەر بەوردی بیخوێنینەوە ئەوکات خۆمان لە پەیوەندیەکی دیالۆگیانە لەگەڵ زیرەکترین مێشکگەلی ڕۆژگاری خۆمان و ڕۆژگاری ڕابردوودا دەدۆزینەوە؟ چی لەوە باشترە کە دیالۆگ لەگەڵ هۆشمەندترین و زیرەکترین مێشکگەلی ڕۆژگاری ڕابردوو بکەین؟
ئێستا لە تێگەشتن لە بونیەتی ئەدەبەوە، لە گرنگیەکەی و لە وەڵامی بۆچی دەبێ لە ئەدەبیاتی بیانیش ئاگاداربین دەتوانین وەڵامەکەت بچنیتەوە! دەتۆش خۆت ئاشنا بکە بە ئەدەبیاتی جیهانی و بیانی هەروەک چۆن ئاگۆرا ڤیژن وەکو یەکێک لە ئەرکەکانی کار لەسەر ئەوە دەکات کە ئەدەبی کوردی بە گەلانی جیهان ئاشنا بکات لەڕێگەی هەردوو بەرهەمی ئاگۆرا ڤۆیس و ئاگۆرا وەرگێڕ.