بۆچی كتێبی دەنگیی؟


كتێبی دەنگیی لە نابیناكانەوە بۆ هەمووان
وەرگێڕانی لە کوردییەوە بۆ ئینگلیزی: ئاگۆرا وەرگێڕ
بۆ وەڵام دانەوەی پرسیارێكی لەم جۆرە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی بیرۆكەكەو داهێنانی شتێك بەناوی "كتێبە دەنگییەكان"وە. هەروەها بۆ ئەوەی لە گرنگییەكەی تێبگەین پێویستە لە بەهاو پێگەی كتێبە دەنگییەكان بکۆڵینەوەو شارەزابین.
وەك دەڵێن پێویستی دایكی داهێنانە. ئەگەر سەرنج بدەینە دروستبوونی بیرۆكەی كتێبە دەنگییەكان دەبینین بیرۆكەكە لە پێویستی دروستبوونی و كەلێنی نەبوونیەوە سەریهەڵداوە. لەسەرەتادا كتێبە دەنگییەكان وەک هاوكاریی و ئاسانكارییەك بۆ نابینایان دەركەوت و پەرەی پێدرا لەلایەن دامەزراوەی ئەمریكی بۆ نابینایان لە ساڵی ١٩٣٢. لە ساڵانی دواتر شانۆنامەكانی ویلیام شكسپیر یەكێك بوون لە تۆمارە دەنگییە سەرەتاییەكان.
راستە پێویستی داهێنانێك دەخوڵقێنێت، بەڵام كاریگەریی و خواستیش لەسەری گەشەی پێدەدات.
بۆیە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە گرنگی كتێبە دەنگییەكان تەنها سەرنجدان لەهۆی داهێنانی بیرۆكەكە بەس نییە چونكە هەروەك چۆن دروستكردن و بنیاتنانەكەی گرنكە، ئاواش خواست لەسەر بیرۆكەكە بۆ پەرەپێدان و مانەوەی لەسەر سەكۆی پێشبڕكێی ئامڕازەكان گرنگە. ئەگەر لە دیزاین و شێوازی سەرەتایی كتێبە دەنگییەكان بڕوانین كە لە سەرەتادا لەسەر "شریتەكانی كاسێت" تۆمار دەكرا بەڵام لە ئێستادا وەك هەر پێشكەوتنێكی ئامڕازو كەرەستە پێویستەكانی دیكەی مرۆڤ فۆرمێكی سەردەمیانەی وەرگرتووە و بەدەیان شێوەی جۆراوجۆر بەردەستن، ئەوا بۆمان رووندەبێتەوە كە پێگەو بایەخی لەلای بەكارهێنەران وایكردووە لەگەڵ پێشكەوتن و گۆڕانكارییەكان بمێنێتەوەو نوێببێتەوە.
ئێستا ئەگەر تەماشایەكی بیرۆكەی دروستكردنی كتێبە دەنگییەكان بكەین دەبینین هەم لە هۆكاری دروستبوونەكەی و هەم لە مانەوەو گەشەسەندنی بیرۆكەكە توانیویەتی پێگەی خۆی بهێڵێتەوەو لەگەڵ ئەوەشدا بەهێزتری بكات. با سەرنجێك لەم بەروارو رێژهیه بدەین: بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی بڵاوكراوەكانی دەنگ لە ئەمریكا، لە ساڵی ٢٠١٦ فرۆشی كتێبە دەنگییەكان ۲٫١ ملیار دۆلاربووە لە كاتێكدا لە هەمانساڵدا كتێبە چاپکراوەکان نزیكەی ١٫٨ ملیار دۆلار بووە.
لەکۆتاییدا، لەوانەیە كەموكوڕییەك بەبابەتەكەوە دیاربێت ئەگەر باس لەكاریگەرییەكانی کتێبە دەنگییەکان نەكەین. پێویستە باس لەو كەلێنە بكهین كە پڕیكردۆتەوە لە ژیانی ههریهكێكمانداو باس لەو جیاوازییەش بكەین كە لهنێوان كتێبە دەنگییەكان و كتێبە چاپکراوەکاندا هەیە. ئا لێرەدا بەشوێنی خۆی دەزانین كە وتەیەكی بەڕێوهبەری جێبەجێكاری ئەمازۆن "جێف بێزۆس" بێنینەوە كە لە بەیاننامەیەكی ساڵانەی خاوەن پشكەكانی ساڵی ۲۰۱۳دا لە بارەی گرنگی كتێبە دەنگییەكانەوە دەڵێت: كتێبە دەنگییەكان رێگات پێ دەدەن كە بخوێنیتەوە كاتێك چاوەكانت سەرقاڵن.
لێرەوە بەكورتی و پوختی بۆمان دەرئەكەوێت كە كتێبە دەنگییەكان لەم سەردەمی ئاڵۆزی و سەرقاڵییەی مرۆڤایەتی تێیكەوتووە؛ لەو هەوڵدانەی كە مرۆڤایەتی بۆ بەرهەمی زیاتر بەكاتێكی كەمتر، چ كەلێنێك پڕ دەكاتەوەو چەندە كات بۆ ئەم بێ كاتییەی مرۆڤ دەگەڕێنێتەوەو چ جیاوازیەك دروست دەكات. هەر لەبەر گرنگی و کاریگەری کتێبە دەنگییەکانە کە کۆمپانیای ئاگۆرا ڤیژن یەکێک لە هەر بەرهەمە گرنگەکانی بریتیە لە پلاتفۆرمی ئاگۆرا دەنگ کە یەکەم پلاتفۆرمی کتێبی دەنگیی کوردییە بەشێوەی بەرنامەی مۆبایل.