سەردانی نووسەر و شاعیر یاسین عارف بۆ ئۆفیسی کۆمپانیای ئاگۆرا ڤیژن لە سلێمانی.

555 | 2022-06-28
گومانی تێدا نیە کە ئەم سەدەیە سەدەی ئەلیکترۆنی و دونیای دیجیتاڵە، بە دڵنیاییەوە «کتێبی ئەلیکترۆنی» ڕەواج وڕۆڵی زۆر زیاتر دەبێت وەک لە کتێبی چاپکراو. هەموو دەزانین کە دونیا گۆڕاوەو بەهۆی سەرقاڵیشەوە کاتی خوێندنەوە تەواو کەم بۆتەوە. بۆیە «کتێبی دەنگی» پێویستیەکی سەردەمەو سوودی زۆری دەبێت چونکە دەتوانرێت لە کاتی سەفەرو سەیارە لێخوڕین ولە کاتی وەرزش و پیاسەکردن و لە کاتی پشودان و تەنانەت کارکردنیشدا گوێی لێ بگیرێت. لەلایەکی تریشەوە ئەوانەش کە چاویان کزەو ئەوانەش کە زۆر دۆستی خوێندنەوە نین لەمڕۆ بە دواوە دەتوانن گوێ لە کتێبەکان بگرن و سوودیان لێ ببینن کە بە ڕونی و بە جوانی بۆیان دەخوێنرێتەوە.
من زۆر سوپاسیان دەکەم کە دوو کتێبی منیان پەسەند کردوە بۆ خوێندنەوە، یەکەمیان کتێبی « Son of Mountains» کە بە زوبانی ئینگلیزیەو دوەمیشیان کتێبی « ١٥ ساڵ ژیان لە زیندانەکانی ئەمەریکادا» کە بە زوبانی کوردیە.
ئەم کتێبەیان لەبەر ئەوەی هەڵەچنی و خاڵ بەندی بۆ نەکرابوو، خوێندنەوەی ئاگاداری و وردی و کات وپێداچونەوەی زۆری دەوێت. بەڵام «مامۆستا هێرش شێخ عومەر» هەموو ئەم کۆسپ و تەگەرانەی خستە ئەولاوەو خۆی ئەو ئەرکی هەڵەچنی و خاڵبەندییەی لەسەر شان گرتوەو خۆبەخشانە و ئارامگرانە بە دەنگە کاریگەرەکەی خۆی بۆتانی دەخوێنێتەوە. زۆر زۆر سوپاسی دەکەم کە سەرەڕای ئەو هەموو سەرقاڵییەی خۆی، ئەو هەمو کاتەی بۆ کتێبەکەی من تەرخان کردوە.
هیوای سەرکەوتن بۆ ئەم پڕۆژەیە دەخوازم. گومانی تێدا نیە خزمەتێکی گەورەیە بە کەلتورو زوبان و ئەدەبی کوردیمان. دەیان هەزار کوردی ئاوارەی هەندەران لەمڕۆ بەدواوە دەتوانن بە ئاسانی بە زوبانی زوڵاڵی کوردی گوێ لە کتێب بگرن و زانیاری گرنگ کۆبکەنەوەو کاتی خۆش وبەسود لەگەڵ کتێبی دەنگیدا بەرنە سەر.
«ئاگۆرا ڤیژن» بە ناوەکەیی و ناوەرۆکەکەشی مێژوو لەگەڵ داهاتودا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
«ئاگۆرا» سەکۆی ئازادو بازاڕی کراوەی سەردەمی یۆنانەو «ڤیژن»یش بیرو دیدو بۆچۆن و پلانی دواڕۆژە، هەردوکیشیان بەیەکەوە پڕۆژەی «کتێبی دەنگی» ئەلیکترۆنیە، بۆ ئەوەی کوردیش لە دونیای دیجیتاڵدا دەنگ و ڕەنگی خۆی هەبێت.
چوارشەمەی ڕابردوو ٨/٣/ ٢٠٢٢ سەردانێکی ئۆفیسەکەیانم کردو لە نزیکەوە کارەکانیانم بینی. دڵسۆزی و دابڕانی ئەم خاوەن «ڤیژن»نانە بۆ بەرنامەکەیان و بڕواو متمانەیان بە خۆیان و بە دواڕۆژی پڕۆژەکەیان دڵنیایی کردم کە پشت بە خوا دواڕۆژیان گەشە. لە ڕاستیدا پڕۆژەکەیان خزمەت کردنێکی گەورەیە بە گەل و نیشتمان بەر لەوەی پڕۆژەیەکی بازرگانی بێت.
دووبارە هیوای سەرکەوتن بۆ «کاک هێرش شێخ عومەر»ی ئامۆزامان و پڕۆژەی «کتێبی دەنگی» دەخوازم.