د. هێمن لەتیف، دامەزرێنەری ئاگۆرا ڤیژن، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ "یورەیژا تودەی"

Image
160 | 2026-10-29

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، یورەیژا تودەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ دامەزرێنەرەکەمان، د. هێمن لەتیف، بڵاوکردەوە دەربارەی ئاگۆرا ڤیژن، کتێبخانەی کوردی، و ئەوەی گەیاندنی ئەدەبی کوردی بە جیهان پێویستی پێیەتی. سوپاسی جولیا ڕۆژدێستڤێنسکایای بەتوانا دەکەین بۆ پرسیارە ورد و بیرلێکراوەکانی، و سوپاسی تیمی یورەیژا تودەیش دەکەین کە ڕێگەیان پێداین دەقی تەواوی چاوپێکەوتنەکە وەربگێڕین و بۆ خوێنەرانمانی بڵاوبکەینەوە. وتارە ڕەسەنەکە بە زمانی ڕووسی لە ماڵپەڕی یورەیژا تودەی بەردەستە.


وشەی کوردی

١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦

ئەدەبی کوردی لە دەرەوەی کوردستان بە دەگمەن دەخوێندرێتەوە؛ نەک لەبەر ئەوەی هیچی پێ نییە بیڵێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە ناو زمانەکەی خۆیدا قەتیس ماوە. د. هێمن لەتیف، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی (AUIS) و دامەزرێنەری ئاگۆرا ڤیژن، هەستا بە گۆڕینی ئەم بارە. پڕۆژەکەی کەلەپووری دەوڵەمەندی ئەدەبیی ناوچەکە دیجیتاڵ دەکات، بە هەموو دیالێکتەکانی کوردی کتێبی دەنگی بەرهەم دەهێنێت، و پەخشانی کوردی وەردەگێڕێتە سەر ئینگلیزی. د.هێمن لەتیف لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یورەیژا تودەی< باسی ئەوەی کرد کە ئاگۆرا ڤیژن چۆن بەرەنگاری چاپ و بڵاوکردنەوەی قاچاخ دەبێتەوە، بۆچی کاتی ئەوە هاتووە ڕۆژئاوا چیتر کورد تەنیا لە چاویلکەی هەواڵی جیۆپۆلەتیکەوە نەبینێت، و کام کتێبانە باشترین دەروازەن بۆ ناسینی کولتووری کوردستان.

-- ئاگۆرا ڤیژن وەک ستارتئەپێکی تەکنەلۆجی دەستی پێکرد، بەڵام لە ناخدا پەیامێکی کولتوورییە. تۆ خۆت سنووری نێوان بازرگانی و پەیام چۆن دیاری دەکەیت؟ کامیان لای تۆ لە پێشترە؟

هێمن: بۆ من، پەیامەکە لە پێشترە. دکتۆراکەم لە دیزاینی کارلێک و ڕۆبۆتیکە، و ساڵانێک ئامرازەکانم بەدەستەوە بوو بەبێ ئەوەی ئامانجێکم هەبێت. تەکنەلۆجیا لە کۆتاییدا تەنیا ئامرازێکە؛ پێویستی بە چوارچێوە و مەبەستێکە. ئەدەبی کوردی بوو بەو مەبەستە. بازرگانییەکە بزوێنەری پەیامەکەیە و بەرەو پێشی دەبات، و من ڕێز لە پێداویستییەکانی ئەو بزوێنەرە دەگرم. کۆمپانیاکان دامەزراوەی بەهێزن و دەتوانن سەرچاوەکان کۆبکەنەوە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری، و بەبێ سەرچاوە، کە پارەش یەکێکە لەوان، هیچ دامەزراوەیەک ئەوەندە ناژی کە کاریگەرییەک دروست بکات. کەواتە سنوورەکە لای من ئەمەیە: دانپێدانان بە پێویستیی پارە، نەک کارکردن لە پێناو قازانجی پارەدا.

-- ناوی «ئاگۆرا» ئاماژەیە بۆ ئاگۆرای یۆنانی کۆن؛ گۆڕەپانێکی گشتی و شوێنی کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕایە. ئەمڕۆ ئەم «گۆڕەپانە» چۆن دەبینیت: چی کۆدەکاتەوە، خەڵک، دەق، یان دەنگ؟ و لە ناویدا چی لە هەمووی گرنگترە؟

هێمن: ئاگۆرای یۆنانی لە بنەڕەتدا شوێنی کۆکردنەوەی خەڵک بوو. ئاگۆرای ئاگۆرا ڤیژنیش هەمان کار دەکات، بەڵام وەک پلاتفۆرمێکی دیجیتاڵ، و هێزەکەی تەنیا لە فراوانی و کەمیی تێچووی بەرهەمهێناندا نییە. کورد بە زۆر شێوە دابەش کراوە: سیاسی، مێژوویی، جوگرافی، ئایینی و ئابووری. کوردێک لە عێراق، کوردێک لە ئێران و کوردێک لە ئەوروپا لە جیهانی زۆر جیاوازدا دەژین. پلاتفۆرمێک کە ئەم سنوورانە ببڕێت و کورد لە هەموو پارچەکانەوە بەیەکەوە کۆبکاتەوە، ئەوەیە مانای ئاگۆرای ئاگۆرا ڤیژن. گرنگترین شت لە ناویدا نووسەرانن، کە زۆربەیان بەرهەمەکانیان هەرگیز لە دەرەوەی شارەکەی خۆیان نەخوێندراونەتەوە.

-- ئاگۆرا دەنگت دامەزراند، یەکەم ئەپی کتێبی دەنگیی کوردی. هەڵبژاردنی یەکەم سەد کتێب چۆن بوو؟ مانیفێستێکی ناوخۆییتان هەبوو بۆ ئەوەی چی دەبێت یەکەمجار تۆمار بکرێت و چی دوا دەخرێت؟

هێمن: هەندێک ڕێسای گشتی هەن بۆ ئەوەی کام کتێب بۆ کتێبی دەنگی دەگونجێت. کتێبی زۆر تەکنیکی، کتێبی پڕ لە وێنە و هێڵکاری، و ئەو کتێبانەی کوالیتیی چاپەکەیان خراپە، ناگونجێن. ئەمە بۆ زۆربەی بەرهەمهێنانی کتێبی دەنگی لە جیهاندا ڕاستە. بەڵام ئاستەنگی ئێمە زۆر جیاواز بوو. ئاگۆرا ڤیژن ڕووبەڕووی کولتوورێکی بەرهەمهێنان و مافی بڵاوکردنەوە بووەوە کە ماوەیەکی زۆرە، لانیکەم لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بووەتە شتێکی ئاسایی: کولتووری دووبارە بڵاوکردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی، بە هەر شێوەیەک بێت، بەبێ ئەوەی پرس بە خاوەن مافەکان بکرێت. تاکەکەس، گروپ، کتێبفرۆشی و هەندێک جار تەنانەت دامەزراوەی فەرمیش بەرهەمی ئەدەبیی خەڵک بەبێ هیچ ڕێککەوتنێکی ماف دووبارە بڵاودەکەنەوە. ئاگۆرا ڤیژن بڕیاری دا ئەمە ڕاست بکاتەوە، بەوەی لەگەڵ خاوەنی ڕەوای مافی هەر بەرهەمێکی ئەدەبی کە دەستی بۆ دەبەین گرێبەست واژۆ بکات. ئەمە یەکێک بوو لە پێوەرە سەرەکییەکانمان بۆ ئەوەی بڕیار بدەین لەسەر چی دەتوانین کار بکەین و لەسەر چی ناتوانین: ئایا دەتوانین خاوەن مافەکە بدۆزینەوە، پەیوەندیی پێوە بکەین، و ڕازیی بکەین بە گرێبەستەکەمان؟ لە ڕاستیدا، زۆر کتێبمان وەلا ناوە لەبەر یەکێک لەم هۆیانە: خاوەن مافەکەمان نەدۆزییەوە، نەمانتوانی پەیوەندیی پێوە بکەین، یان ڕەزامەندیی ئەومان بۆ کتێبی دەنگی وەرنەگرت. ئەمە هەندێک کتێبی لێ کەم کردینەوە، بەڵام لە پشت هەر کتێبێکی کەتەلۆگەکەمانەوە ڕەزامەندیی نووسەرەکەی هەیە.

-- ئەدەبی کوردی بە چەند دیالێکتێکی جیاواز هەیە: سۆرانی، کرمانجی و ئەوانی تر. ئاگۆرا ڤیژن لەگەڵ هەموویان کار دەکات. ئایا ڕووبەڕووی گرژی لە نێوان دیالێکتەکاندا دەبنەوە؟ تەکنەلۆجیا یارمەتیی لێکنزیککردنەوەیان دەدات یان کارەکە قورستر دەکات؟

هێمن: ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کەتەلۆگی ئاگۆرا ڤیژن: نەک هەر گەورەترین کەتەلۆگی تایبەتی کتێبی دەنگیی کوردییە، بەڵکو لە ناوەڕۆکیشدا هەمەڕەنگ و گشتگیرە. هەمەڕەنگیی ژانرەکان هەیە، هەمەڕەنگیی دەنگی دەنگبێژەکان، و لە هەمووی گرنگتر هەمەڕەنگیی دیالێکتەکان، کە کتێب لە هەموو دیالێکتەکانی کوردییەوە تێیدا کۆبوونەتەوە. ئاستەنگەکە دۆزینەوەی دەنگبێژە بۆ دیالێکتە جیاوازەکان، بەتایبەتی کە ئێمە لە ناوچەیەکداین سۆرانی تێیدا زاڵە. بەداخەوە، ئەمە شتێک نییە تەکنەلۆجیا یارمەتیمانی تێدا دابێت. تۆمارکردن لە دوورەوەمان تاقی کردەوە، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە ستۆدیۆ و سەرپەرشتیی خۆمان پێویستە بۆ پاراستنی ئەو کوالیتییەی بە دوایدا دەگەڕێین. کەواتە ئاستەنگەکە بەردەوامە. بەڵام ئەمە بەشێکە لە پەیامی ئاگۆرا ڤیژن، و بەردەوام دەبین لە هێنانی کتێب لە هەموو دیالێکتەکانەوە بۆ ناو کەتەلۆگەکەمان.

-- پڕۆژەکەت نووسەرانی «هەر چوار پارچەی کوردستان» لەخۆدەگرێت. چۆن پەیوەندی لەگەڵ نووسەرانی ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق دروست دەکەیت؟ ئایا چاوەڕوانییەکانیان لە پلاتفۆرمەکەت هاوبەشن یان جیاوازن؟

هێمن: بە گشتی، هەرێمی کوردستانی عێراق کراوەترین هەرێمە و ئاسانتر دەستی پێدەگات، و کورد، لەوانەش نووسەران، لە هەموو پارچەکانی تری کوردستانەوە ڕووی تێدەکەن. جگە لەوە، ئاگۆرا ڤیژن پشت بە دوو تۆڕ دەبەستێت. یەکەمیان سۆشیال میدیایە، کە ئاگۆرا ڤیژن ماوەیەکی ئەوەندە درێژ ئامادەییەکی بەهێزی تێدا هەبووە کە ناوبانگێکی ڕاستەقینەی پەیدا کردووە. دووەمیان تۆڕی نووسەران خۆیەتی: ئەو نووسەرانەی گرێبەستمان لەگەڵیان هەیە بەردەوام نووسەری نوێمان بۆ دەهێنن، پێمانیان دەناسێنن، و بازنەکە فراوانتر دەکەن. زۆربەی ئەمە ئیتر پێویستی بە دیداری ڕووبەڕوو نییە؛ پلان و گرێبەست و کەرەستەی کتێبەکان هەمووی ئۆنلاین دەگوازرێنەوە. سەبارەت بە چاوەڕوانییەکان، باشتر دەتوانم باسی ئەو نووسەرانە بکەم کە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەیانناسم. زۆربەیان لە پاڵ کارێکی تردا دەنووسن، چونکە نووسین بە کوردی بە دەگمەن نانی لێ دەخورێت، و زۆریشیان هەرگیز خوێنەرێکیان لە دەرەوەی ناوچەکەی خۆیان، هەندێک جار لە دەرەوەی شارەکەی خۆیان، نەبووە. ئەوەی لە ئێمەی دەخوازن دەرفەتی گۆڕینی ئەم بارەیە. پێموایە زۆربەی ئەمە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا هاوبەشە، بەڵام ئەمانە ئەو نووسەرانەن کە باشتر دەیانناسم.

--با باسی ئاستەنگەکانی کوردستان بکەین: سیستەمی دارایی دواکەوتوو، نزمیی ڕۆشنبیریی دیجیتاڵ، نەبوونی پاڵپشتیی دارایی بۆ ستارتئەپەکان. کام لەم ئاستەنگانە لەوەی چاوەڕێت دەکرد سەختتر دەرچوو؟ و کامیان لەوەی چاوەڕێت دەکرد ئاسانتر تێپەڕێندرا؟

هێمن: سەختترین ئاستەنگ سیستەمی دارایی دواکەوتوو بوو، و هێشتاش هەر وایە. لە زۆر وڵاتی جیهاندا، ئامادەکردنی ڕێگەیەک بۆ وەرگرتنی پارەی دیجیتاڵ لەوانەیە یەک دوو ڕۆژی کار لە خاوەنکارێک بخایەنێت. لای ئێمە پێنج مانگ تاقیکردنەوە و هەڵەی خایاند، و تەنانەت دوای ئەوەش ئەنجامەکە ئەوەندە ڕێک و ڕەوان نەبوو کە هیوامان دەخواست. هەر بۆیە زۆربەی بەشداربووانمان هێشتا لە کوردانی دیاسپۆران، نەک لە ناو عێراق خۆیدا. هەر ئەمەشە هۆی ئەوەی کەناڵی کتێبی ئەلیکترۆنیمان، کە لە سەر گوگل پلەی بوکسە، هێشتا بە زەحمەت دەگاتە خوێنەرانی ناوخۆی عێراق، کە لەوێ گوگل پلەی بوکس تەنانەت لە گەڕاندا دەرناکەوێت و بە بەکارهێنەر دەڵێت لە وڵاتەکەیدا بەردەست نییە. ئەوەی چاوەڕێم دەکرد ئاستەنگ بێت بەڵام ئاسانتر دەرچوو، بنیاتنان و فراوانکردنی تۆڕێکی ئەوەندە گەورەی نووسەران بوو کە ئامادە و بەتامەزرۆن ببنە بەشێک لە پلاتفۆرمەکانمان.

-- ئامانجی درێژخایەنت ئەوەیە کە «ئەدەبی کوردی بگاتە ناسراوییەکی جیهانی لە ئاستی بەرهەمهێنانی فیلم و خەڵاتەکاندا.» چ هەنگاوێکی بەرجەستە لەم ڕێگەیەدا دەبینیت؟ نموونەیەک هەیە کە ئیلهامت پێ ببەخشێت؟

هێمن: باوەڕم وایە کتێبخانەی کوردی یەکێکە لە باشترین کتێبخانەکانی جیهان. هێشتا نەگەیشتووەتە جیهان، چونکە بە کوردی نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە. زۆر کەس وا دەزانن وەرگێڕان تەنیا ئەو کاتە بە کەڵکە کە بڵاوکەرەوەیەکی گەورەی جیهانی بیگرێتە ئەستۆ. من وا نابینم. وەرگێڕانە ئینگلیزییەکانمان لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەمازۆنەوە بڵاودەکەمەوە، چونکە هیچ تێچوویەکی پێشوەختەی نییە، دەستکاریکردنی بێسنووری تێدایە، بە پێی داواکاری چاپ دەکرێت، و بە ڕاستی لە هەموو جیهاندا دابەش دەکرێت. پێم باشترە کتێبێک بڵاوببێتەوە و بچێتە ناو جیهان، نەک چاوەڕێ بکات تا کەسێکی تر بڕیار بدات کە شایەنی ئەوەیە. ئەم هەڵبژاردنە باجی خۆی هەیە. هەندێک نووسەر ڕازی نەبوون لەگەڵم کار بکەن، چونکە هیچ هاوبەشێکی جیهانیی بڵاوکردنەوەم نییە و گومانیان هەبوو ئەم ڕێگەیە بگاتە ئەنجامێکی ئەوتۆ. لێیان تێدەگەم. بەڵام کاتێک ئەم کتێبانە دەگەنە دەستی خوێنەری خۆیان، دەتوانن ببنە باڵیۆزی باش بۆ ئەوەی کورد کێیە و بۆچی جیهان دەبێت بیناسێت. زۆر فیلمی مەزن لە کتێبەوە سەریان هەڵداوە، هەندێکیان لە کتێبێکەوە کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانێک خوێنەری زیاتری هەیە. خەونی من ئەوەیە ڕۆژێک فیلمێک ببینم کە لە یەکێک لە وەرگێڕانەکانمانەوە لە کوردییەوە بۆ ئینگلیزی ئیلهامی وەرگرتبێت.

-- ئاگۆرا ڤۆیس ڕووی لە خوێنەر و بیسەری ئینگلیز زمانە. پێتوایە خوێنەر یان بیسەرێکی ڕۆژئاوایی، کە یەکەمجار تووشی دەقێکی کوردی دەبێت، دەبێت چی هەست پێ بکات؟

هێمن: ئامانج لە بەردەستکردنی نموونەگەلێک لە کتێبخانەی کوردی بۆ خوێنەر و بیسەری ئینگلیز زمان دوو شتە. یەکەم، گواستنەوەی شێواز و چێژ و بۆن و بەرامە و ڕوانگە و تەکنیک، و هەر شتێکی تر کە نووسینی کوردی دەکاتە ئەوەی کە هەیە. دووەم، ناساندنی لایەنێک لە مێژوو و کولتوور و خەم و خۆڕاگریی نەتەوەیەک کە هەموو ئەمانەی چەشتووە بەبێ ئەوەی جیهان ئاگای لێ بێت. کاتێک خوێنەرێکی ڕۆژئاوایی بۆ یەکەمجار کتێبێکی کوردی دەخوێنێتەوە، دەمەوێت لە خۆی بپرسێت: چۆن پێشتر ئەمەم نەبیستبوو؟ چۆن ئەمە لە چاوم ون بوو؟ دەمەوێت هەست بکات کە ئیتر ئەم چیرۆکانە لە زمانی خاوەنەکانیانەوە دەبیستێت. و کە گەیشتە دوا لاپەڕە، دەمەوێت بە دوای کتێبی داهاتوودا بگەڕێت.

-- کام بەرهەمی کوردی ناو دەنێیت «ڕۆحی ناوچەکە»؟ نەک بەناوبانگترینیان، نەک گرنگترینیان لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵکو ڕێک ئەوەی کە دەنگی کوردستانی تێدا لە هەموویان ڕوونتر دەبیستیت.

هێمن: لە نێو ئەو کتێبانەی ئاگۆرا ڤیژن تا ئێستا وەریگێڕاونەتە سەر ئینگلیزی، بازنە ڕاخراوەکانی بابلی عومەر سەید هەڵدەبژێرم. تیمێکی نێودەوڵەتی دەچنە بیابان بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی ئەمیتیس، شاژنێکی ونبووی بابلی. وەرگێڕە کوردەکەیان، باکۆ، کە لە چیاکانی خۆی دوورە، دەبینێت هەڵکۆڵینەکە شتێکی تر ئاشکرا دەکات: گۆڕی بەکۆمەڵ، کە بە شێوەیەک ڕیز کراون کەس ناتوانێت لێکیان بداتەوە. عومەر سەید لە ڕۆمانێکی کورتدا، شکۆی بابل و جینۆسایدی ئەنفال لە یەک خاکدا کۆدەکاتەوە. هەر وێنەیەکی ئەم ڕۆمانە بەشێک لە کوردستان پیشان دەدات، و هەر یەکەشیان دەروازەیەکە بۆ شتێکی گەورەتر: ئەفسانە، مێژوو، جیهان بەو شێوەیەی ئێستا هەیە، و ئەوەی لەوانەیە داهاتوو بۆ کوردی هەڵگرتبێت.

-- چ کتێبێک پێشنیار دەکەیت بۆ خوێنەرێک کە هیچ دەربارەی کوردستان نازانێت و دەیەوێت تەنیا بە یەک دەق دەست پێبکات؟ و چ کتێبێک بۆ کەسێک کە مێژووەکە دەزانێت بەڵام دەیەوێت قووڵتر لە کولتوورەکە تێبگات؟

هێمن: بۆ کەسێک کە یەکەمجاریەتی، بە سیزیف: ئەو کوڕەی کە دوو دڵی هەیەی ئارام کاکەی فەلاح دەست پێدەکەم. لە نێو هەموو کتێبەکانماندا، ئەمە ئەو کتێبەیە کە زیاتر لە هەمووان باسی ژیانی کوردی خۆی دەکات، نەک ترۆما و تراژیدیا و جینۆساید. لە سنووری یەک شار و چەند کەسێکدا دەمێنێتەوە: بازاڕی شارەکە، دوو کچی هاوڕێ، دوو برای دووانەی لەیەکچوو کە عاشقی هەمان ئافرەت دەبن، و دکتۆرێک کە لە هەندەرانەوە دەگەڕێتەوە. گێڕانەوەیەکی هاوچەرخی ئەفسانەی سیزیفە، تەنیا ئەوەندە هەیە کە مالاک، یاریزانێکی بێدەنگی شەترەنج کە دڵی بەرەو وەستان دەچێت، لە جیاتی بەرد دڵێکی دووەمی پلاتینی هەڵگرتووە. بۆ کەسێکیش کە شتێک لە مێژووەکە دەزانێت، دوو کتێب پێشنیار دەکەم کە بە دوو ڕێگەی تەواو جیاواز قووڵتر دەچنە ناو بابەتەکەوە. لە پێنج کاتژمێری هێرش شێخ عومەردا، کاتژمێر چاککەرێکی گەنج کە خزمەتی دایکە لاڵەکەی دەکات، گوێ لە پێنج کاتژمێری فڕێدراو دەگرێت کە ژیانی خاوەنەکانیان دەدرکێنن. لە فرۆشراو بۆ بیابانی عەبدولقادر سەعیددا، ژنانی گەنجی کورد کە لە کاتی جینۆسایدی ئەنفالدا ڕاپێچ کراون، لە سنوورەکانەوە دەفرۆشرێن، و ڕۆژنامەنووسێکی جوو کە خەمی ئەوان وەک خەمی گەلەکەی خۆی دەناسێتەوە، بڕیار دەدات چیرۆکەکەیان لەگەڵ خۆی بباتەوە. عەبدولقادر سەعید ئەم ڕۆمانەی دوای ئەوە نووسی کە لەگەڵ ڕزگاربووانی ئەنفالدا دانیشت و ئەوەی بۆیان گێڕایەوە تۆماری کرد.

-- تۆ خۆت شیعر دەنووسیت و دیوانی شیعریشت بڵاوکردووەتەوە. ئایا شیعر یان دێڕێکی خۆتت هەیە کە زۆرت خۆش بوێت و بە فۆرمولەی تایبەتیی خۆتی بزانیت؟

هێمن: پرسیارێکی زۆر سەرنجڕاکێشە، و هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە دەربارەی کارەکانم پرسیارێکی وام لێ بکرێت. بەڵێ، فۆرمولەیەکی تایبەتیم هەیە، بەڵام شیعری خۆم نییە. دێڕێکی شاعیری مەزن شێرکۆ بێکەسە: «ناهێڵم ئەم هاوارە بشۆردرێتەوە؛ ناهێڵم ژیان ئەم مەرگە لەبیر بکات.» بەڵام بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، شیعرێکم هەیە بە ناونیشانی «ئاگۆرا ڤیژن» کە هەوڵ دەدات ئەو پاڵنەرە بگرێت کە لە پشت ئەم پەیامەوەیە. هەوڵ و میراتی گۆرانیبێژ و نووسەر و وەرگێڕە کوردەکان دەژمێرێت، و پاشان دەڵێت: «تەنیا من ماوم کە هێشتا هیچ بەهایەکم نەداوە بە کورد بوون و مرۆڤ بوون و زیندوو بوون.» ئاگۆرا ڤیژن هەوڵی منە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دێڕە.

-- زۆر باسی پاراستن دەکەیت. بەڵام پاراستن هەمیشە هەڵبژاردنە: هەندێک شت دەمێننەوە و هەندێکی تر دەڕۆن. بە بۆچوونی تۆ، ئەدەبی کوردی دەتوانێت چی لەدەست بدات؟ و چی هەرگیز و بە هیچ شێوەیەک نابێت لەدەستی بدات؟

هێمن: ئێمەی کورد بە توندی پارێزگاری لە هەر شتێک دەکەین کە پێمان وابێت هی خۆمانە، تەنانەت لە وردەکاری و جیاوازییە بچووکەکانیش. ئەوەی دەتوانین لەدەستی بدەین و ئەوەی نابێت لەدەستی بدەین، پەیوەستە بەوەی پرسیار لە کێ دەکەیت. بۆ من، کە باسی وەرگێڕان دەکەم، وەڵامەکە ڕوونە. زۆر کەس پێیان وایە وەرگێڕان دەبێت ڕێک ئەوە بێت نووسەر مەبەستی بووە، وشە بە وشە، بگوازیتەوە. ئەم پێوەرە وەرگێڕان دەکاتە کارێک کە تەنانەت دەستپێکردنیشی مەحاڵە، و هەندێک کەس پێیان باشترە کتێبێکی تەواو لەدەست بچێت نەک چەند وردەکارییەک. وەرگێڕانی وشە بە وشەش هەرگیز خوێندنەوەی خۆش نییە. دەتوانین لێرە و لەوێ مانایەکی ورد و وشە بە وشە لەدەست بدەین. ئەوەی هەرگیز نابێت لەدەستی بدەین وێنە سەرەکییەکان و شێواز و تەکنیکەکانی نووسەرە، لە هەمان کاتیشدا دەبێت هاوسەنگییەک بدۆزینەوە تا خوێنەرێکی نا کورد بە ئاسانی بیخوێنێتەوە. ئامانج هەرگیز ڕۆمانێک نییە کە وا بخوێندرێتەوە وەک ئەوەی بە ئینگلیزی نووسرابێت. ئامانج ڕۆمانێکە کە وا بخوێندرێتەوە وەک ئەوەی بە کوردی نووسرابێت، بۆ ئەوەی هەموو جیهان بیخوێنێتەوە.





مافی بڵاوکردنەوە © ٢٠٢٦ - کۆمپانیای ئاگۆرا ڤیژن بۆ پەخش و بڵاوکردنەوەی دیجیتاڵی - سنوردار